مارکس و ئەنارکیزم

مارکس

مارکس و ئەنارکیزم*

Marx et l’anarchisme/ Marx ans anarchism


نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925
و: زاهیر باهیر
I
بەشی یەکەم:
چەند ساڵێک لەمەوبەر پاش ماوەیەکی کەم لە کۆچی دوایی فرێدریک ئەنگلس، ئێدوارد بێرنشتاین، یەکێک لە دیارترین ئەندامانی کۆمەڵەی (کۆمۆنێتی) مارکسیستی ، بە چەند دۆزینەوەیەکی سەرنجڕاکێش، هاوەڵەکانی سەرسام کرد. بێرنشتاین گومانەکانی خۆی سەبارەت بە دروستی لێکدانەوەی ماتریالیستی بۆ مێژوو هەروەها لە تئیۆری مارکسیستی زێدەبایی/ زێدەبەها و چڕبوونەوەی سەرمایە ئاشکرا کرد. ئەو تا ئەو شوێنە هێڕشی کردە سەر شێوازی دیالێکتیکی و بەو ئەنجامە گەیشت کە قسەکردن لەسەر سۆشیالیزمێکی ڕەخنەگرانە مەحاڵە. بێرنشتاین پیاوێکی وریا بوو، تا دوای مردنی ئەنگلسی بەساڵاچوو، دۆزینەوەکانی لای خۆی دەهێڵایەوە و بڵاوی نەدەکردنەوە، تەنیا ئەو کاتە ئاشکرای کردن کە ئەنجامی ترسناکی لەسەر گوێ لەمشتەکانی مارکسیستی هەبوو. تەنانەت لەگەڵ ئەو خۆ پاراستنەشدا هەر نەیتوانی ڕزگاری بێت، چونکە لە هەموو ئاراستەیەکەوە هێرشی دەکرایە سەر. کاوتسکی کتێبێکی دژی گومڕابوونی جیاوازی ڕا و بۆچوونی بێرنشتاین نوسی و لە کۆنگرەی هانۆڤەردا ئێدوارد بێرنشتاینی هەژار ناچار بوو ڕایبگەیەنێت کە گوناهبارێکی لاواز و مردووە و ملکەچی بڕیاری زۆرینەی زانستی دەبێت.
هەموو ئەوانەی بێرنشتاین وتبوونی هیچ ئاشکراکردنێکی نوێی نەهێنابووە ئاراوە. ئەو، ئەو سەرەنجامانەی کە لە بەرامبەر بناغەکانی فێرکاری مارکسیستیدا داینابوو، پێشتر بوونیان هەبووە کە کاتێک هێشتا خۆی نێردراوێکی دڵسۆزی کەنیسەی مارکسیستی بوو. ئارگیومێنتەکانی کە باسی لێوە دەکرا لە ئەدەبیاتی ئەنارکیستییەوە تاڵان کرابوون، بەڵام تاکە شتێک کە شایەنی سەرنج بوو ئەوە بوو کە یەکێک لە ناسراوترین سۆسیال دیموکراتەکان بۆ یەکەمجار بەکاریان بهێنێت. هیچ کەسێکی ژیر نکۆڵی لەوە ناکات کە ڕەخنەکانی بێرنشتاین لە ئۆردوگای مارکسیزمدا نەیتوانی کاریگەرییەکی لەبیرنەکراو دروست بکات: بێرنشتاین لە گرنگترین بناغەکانی ئابووری میتافیزیکی کارل مارکسی دابوو و سەیر نییە کە بەڕێزترین نوێنەرانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس تووشی شڵەژان بوون .
هیچ کام لەمانە ئەوەندە جددی نەدەبوون ئەگەر وەکو ڕاستییەك لە ناوەڕاستی قەیرانێکی گرنگتردا نەهاتنایە. نزیکەی سەدەیەك مارکسیستەکان لە پێشنیارکردنی ئەو بۆچوونە نەوەستاون کە مارکس و ئەنگڵس دۆزەرەوەی ئەو شتە بوون کە پێی دەوترێت سۆسیالیزمی زانستی. هەر ئاوا جیاوازییەکی دەستکرد لە نێوان ئەو کەسانەی کە پێیان دەوترێت سۆسیالیستی یۆتۆپیایی/خەیاڵیی و سۆسیالیزمی زانستی مارکسیستەکان داهێنرا، جیاوازییەك کە تەنها لە خەیاڵەکانی ئەمانەی دووەمیاندا، ماکسیستەکان، بوونی هەبوو. لە وڵاتانی ئەڵماندا ئەدەبیاتی سۆسیالیستی لەلایەن تیئیۆری مارکسیستییەوە قۆرخ کراوە، کە هەموو سۆسیال دیموکراتێک ئەوە بە بەرهەمی پوخت و تەواو ڕەسەنی دۆزینەوە زانستییەکانی مارکس و ئەنگڵس سەیری دەکات.
بەڵام ئەم وەهمەش لەبەرچاو ون بوو : لێکۆڵینەوە مێژووییە مۆدێرنەکان لە دەرەوەی هەموو پرسیارێک ڕوونیان کردەوە کە سۆسیالیزمی زانستی تەنیا لە سۆسیالیستە کۆنەکانی ئینگلیز و فەرەنسییەوە هاتووە و مارکس و ئەنگڵس تەبەنییان کردووە کە لە هەڵبژاردنی مێشکی ئەوانی دیکەدا شارەزا بوون. دوای شۆڕشەکانی ساڵی 1848 کاردانەوەیەکی ترسناک لە ئەوروپادا هاتە ئاراوە: ‘هاوپەیمانیی پیرۆز’ دەستی کرد بە نواندنی تۆڕەکانی لە هەموو وڵاتێکدا بە مەبەستی هەناسەچنینی ( خنکاندنی) بیری سۆسیالیستیی، کە ئەدەبیاتێکی زۆر دەوڵەمەندی وای لە فەرەنسا، بەلجیکا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و ئیتالیا بەرهەمهێنابوو. ئەم ئەدەبیاتە نزیکەی تەواو لەم سەردەمە تەمومژاویەدا فەرامۆشکراو لەبیرچوونەوە. زۆرێک لە بەرهەمە گرنگەکان لەناوبران تا کورتکرانەوە بۆ چەند نموونەیەك کە پەناگەیەکیان لە ئارامیی هەندێک کتێبخانەی گشتی گەورە یان کۆکراوەی هەندێك کەسی تایبەتدا دۆزیەوە.
ئەم ئەدەبیاتە تەنها لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا دۆزرایەوە و لەم سەردەمەدا ئەو بیرۆکە بەپیتانەی کە لە نووسینە کۆنەکانی ئەو قوتابخانانەدا دەبینرێن کە دوای فۆریە و سانت سیمۆن (Fourier، Saint Simon ) هاتوون، یان بەرهەمەکانی کۆنسیدرانت، دیماسی، مێی (Considerant, Demasi, Mey) و چەندانی دیکە ، مایەی سەرسوڕمانن. ئەوە هاوڕێی کۆنمان دبلیو تچەرکێسۆف (W. Tcherkesoff) بوو کە یەکەم کەس بوو کە نەخشێکی سیستماتیکی بۆ هەموو ئەم ڕاستیانە هێنایە ئاراوە: ئەو نیشانیدا کە مارکس و ئەنگڵس داهێنەری ئەو تیئۆریانە نین کە لە مێژە بە بەشێک لە وەصیەتنامەی فیکری خۆیان دادەنرێت . [1] تەنانەت لەوە زیاتریش ڕۆیشت کە بیسەلمێنێت کە هەندێک لە بەناوبانگترین بەرهەمە مارکسییەکان، بۆ نموونە وەکو مانیفێستی شیوعیی /کۆمۆنیست، لە ڕاستیدا تەنیا وەرگێڕانی ئازادانەیە لە فەرەنسییەوە لەلایەن مارکس و ئەنگلسەوە. تچەرکێسۆف (Tcherkesoff)سەرکەوتنێکی بەدەستهێنا کاتێک بانگەشەکەی سەبارەت بە مانیفێستی کۆمۆنیستەکان لەلایەن ئاڤانتی،( Avanti ) ئۆرگانی ناوەندی سۆسیال دیموکراتەکانی ئیتالیا،[2] دانیان پێدا نا، دوای ئەوەی نووسەر دەرفەتی ئەوەی هەبوو کە بەراوردکاری لە نێوان مانیفێستی کۆمۆنیست و مانیفێستی دیموکراسیدالە نووسینی ڤیکتۆر کۆنسیدرانت (Victor Considerant) بکات، کە دەرکەوتنی پێنج ساڵ پێش بڵاوبوونەوەی نامیلکەی مارکس و ئەنگڵس بوو.
………………………………….
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .
[1]W. Tcherkesoff: Pages d’Histoire socialiste; les precurseurs de l’lnternationale.
[2]The article, entitled “Il Manifesto della Democrazia”, was first published in Avanti!(Year 6; number 1901, of 1902).
درێژەی هەیە

Laisser un commentaire