نە شا و نە ڕابەری، بڕوخێت سیستەمی سەروەری

Origine : https://anarkistan.net

نە شا و نە ڕابەری، بڕوخێت سیستەمی سەروەری

ڕاپەڕینی چەوساوان لە ئێران یەک ڕاپەڕینە، دابەشکردنی بەسەر ئێتنییەکان هەنگاوێکی دژە–شۆڕشانەیە!

بۆ ئەوەی ڕاپەڕینی چەوساوان لە ئێران وەک ڕاپەڕینی چەوساوان لە سوریە (٢٠١٢) نەگۆڕدرێت بە جەنگی میلیشیایی ئایینەکان و ئێتنییەکان، پێویستە لە مێژووی خەبات و بەرەنگاری ئەزموون وەربگرین.

ئێستا کە دە ساڵ بەسەر جەخماخەی ڕاپەڕینی چەوساوانی سووریە تێپەڕیوە، مێژوو بۆ ئێمە سەلماندوە، گوۆڕینی ڕاپەڕینی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی بە جەنگی میلیشیایی و بۆڕبۆڕێنی ڕامیاریی ڕەوتە ڕامیارییەکان، زەمینەی بەهێزبوونەوەی دژە–شۆڕش لەباردەکات و ڕاپەڕین دەگۆڕێت بە گەمەی ڕامیاریی دەزگە سیخوڕییەکانی زلهێزان و کۆمپنانییە جیهانخۆرەکان و بەرپاکردنی حەمامی خوێن لە ڕێگەی جەنگی میلیشیاکان وەک دەسکەلای دەوڵەتانی ناوچەکە.

بەداخەوە لە ڕاپەڕینی چەوساوانی تونس تاکو سوریە و یەمەن دژە–شۆڕش توانی بە بەرزکردنەوە و پیرۆزکردنی ئاڵای دەوڵەت و چەکدارکردنی ڕاپەڕیوان ڕاپەڕینەکان بگۆڕێت بە ئامرازی جێبەجێکردنی نەخشەی زلهێزەکان و کۆمپانییەکان، جەنگی دە ساڵەی نێوخۆیی سوریە و یەمەن زیندووترین نموونەن، کە بوون بە گەورەترین بازاری چەکفرۆشی.

هەرچەندە ئێران لە کۆمەڵێک هەرێمی ئێتنیی و ئایین جیاواز پێکهاتوە و خۆنیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی پێشوو بە جۆرێک بەسەر ئەو بوونە ڕامیاریی و کولتوورییانە بەش بووبوون، بەڵام ئەم جارە بەپێچەوانەی پێشوو، وەک ڕاپەڕینی ١٩٧٩ چەوساوانی ئێران وەک یەک جەستە ڕاپەڕینەوە. ئەوە ئەرێنییترین و دڵخۆشکەرترین وەرچەخان و هەڵکشانی تێکۆشانی چەوساوانی ئێرانە، ئەزموون وەرگرتنە لە مێژووی چوار دەهەی ڕابوردوو، نیشانەی خۆهوشیاریی چەوساوانی ئێرانە.

بەڵام وێرای هەموو دڵخۆشییەک بەو ئاستە لە خۆهوشیاریی چەوساوان، هێشتا نابێت یەک چرکە لە مەترسیی پلانەکانی دژە–شۆڕش (حکومەت تاکو شاخوازان و ناسیونالیستەکان و سەلەفییە سوننەکان) خافڵ ببین. ئەگەر بە وردیی کاردانەوە و هەڵوێستەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران سەنج بدەین، بەداخەوە، لێرە و لەوێ هەوەڵەکانی دژە–شۆڕش دەبیندرێن، هەرچەندە سەرەتایین، بەڵام هەموو شتێک بە سەرەتایەک بەڕێدەکەوێت، گۆڕینی ڕاپەڕینی چەوساوانی سوریە بە جەنگی میلیشیایی دە ساڵە و وێرانکردنی شارەکان و گوندەکان و گۆڕینی ڕاپەڕینەکە بە حەمامی خوێن بۆ چەوساوان، لە یەک تەقە و لە هەوڵێکی سەرەتاییەوە دەستیپێکرد، کە تەقەکردنێک بوو لەنێو خۆنیشاندانێکی هێمنانەی پاش نوێژی هەیینییەک.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردوو لە دەرەوەی ئێران شاخوازان بەردەوام بە ئاڵای دەوڵەتەوە بۆ گۆڕینی ناڕەزایەتییەکان هەوڵدەدەن و حکومەتیش لەنێوخۆ بە پەلاماردانی بنکەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار لە دەرەوەی ئێران (لە هەرێمی کوردستان/عیراق) و هەر ئاوا پەیڕەوکردنی دوو ئاست لە سەرکوتکردن لە بلووجستان و کوردستان توندتر بەراورد بە شارەکانی دیکە، هەوڵیدا هەم میلیشیای حزبە چەکدارە کوردەکان بۆ وەڵامدانەوەی چەکدارانە ڕاکێشبکات و هەم لەنێوان ڕاپەڕیوانی هەرێمـەکانی بلووجستان و کوردستان و ئازەرباینجان و خوزستان لەتەک نێوەندی فارسی–زمان–نشین گومان و دووبەرەکیی درووستبکات. هەڵبەتە هاوکاتی هەوڵەکانی حکومەت، حکومەتانی پاکستان و تورکیە و حکومەتەکانی کەنداوی عەرەبیی لە ماوەی چەند دەهەی ڕابوردوو دەستەکانی خۆیان لەنێو ئەو هەرێمانە کە هەڵاواردنی “ئایینی و نەتەوەیی” هەیە، ئامادەکردوون و هەرئێستا خەریکی دنەدانی دووبەرەکیی هەن. لە گشت ئەوانەش کاراتر و خراپتر دوو دیاردەن، کە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژە دەرکەوتوون: یەکەم تەقەکردن و چەکدارکردنی ڕاپەڕین بەتایبەت لە هەرێمەکانی دەرەوەی ناوەند. دوەم ئێتنیی–کردنی خۆنیشاندانەکانی هاوپشتیی لە دەرەوەی ئێران بەتایبەت لە ئۆروپا، کە خۆنیشاندانی هاوپشتیی بەس بۆ ڕاپەڕینی هەرێمێک دەکەن و ئەوەش سەرەتای پارچەپارچەکردنی ڕاپەڕین و درووستکردنی دووبەرەکییە بە هاندانی نەتەوەچییەتی و سەلەفیەتی ئایینیی.

ئێمە وێرای دژایەتی و ڕسواکردنی ئەو هەوڵانە و هەوڵدان بۆ بەرگرتن لە هەر هەوڵ و بۆچوون و بانگەوازێکی دژە–شۆڕشانە، بە گوێرەی ئەزموونگیریی خۆمان لە مێژووی ڕاپەڕینەکان و بە دیاریکراویی ڕاپەڕینی ١٩٧٩ چەوساوان لە ئێران و ڕاپەڕینی ١٩٩١ چەوساوان لە عیراق و خۆنیشاندان و ڕاپەڕینەکانی دواتر، ئەو سەرنجانەی خۆمان وەک پێشنیار و پشتیوانی بە هاوڕێیان و هاوچینانی خۆمان لە هەموو هەرێمەکانی ئێران پێشکەش دەکەین، تاقە ئامانجی ئێمە بەرگرتنە لە هەوڵی ئەو دەستە و لایەنانەی کە خەریکن ڕاپەڕینی یەکگرتوانەی ئەم جارەی چەوساوانی ئێران بە پارچە پارچەی ناسیونالیستیی و بە جەنگی میلیشیایی دەگۆڕن.

پێویستە ئەوەش بڵێین، کە خۆشبەختانە تاکو ئەوێندەرێ ئێمە ئاگاداری چالاکییەکانی نێوخۆی شار و هەرێمەکانی ئێران هەین، بەگشتیی ئاستی خۆهوشیاریی ڕاپەڕیوان لە ئاستی بەرپرسیاریی مێژوویی شۆڕشگەرانە هەیە و مەترسییەکان تاکو ئێستا کەم هەژموون بوون. بەڵام لەتەک ئەوەش نابێت ئێمە ( وەک پشتیوانیکەرانی هاوچینانی ڕاپەڕیو لە ئێران) کەمتەرخەمانە دابنیشین و جموجووڵ و هەوڵی ڕەوت و میلیشیا دەسەڵاتخوازەکان (لە ناسیونالیست و سەلەفی و شاخواز تاکو چەپی حزبگەرا) نادیدە بگرین، چونکە ئەوانە هەردەم دەستەی ئامادەکراو و شانەی خۆمەڵاسدەری زلهێزەکان و کۆمپانییەکان بوون بۆ کۆنتڕۆلکردن و بەلاڕێدابردنی هەر خۆنیشاندان و ڕاپەڕینێک؛ دژە–شۆڕش هەموو کاتێک لە هەموو شوێنێک لە ڕێگەی ڕەوت و حزب و ملیلیشا دەسەڵاتخوازەکان توانیویەتی و دەتوانێت بە قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی چەوساوانی ناهوشیار بەسەر شەپۆل و هەڵکشانەکانی (شۆڕشی کۆمەڵایەتیی) زاڵ ببێت و تێکیبشکێنێت.

لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەی دژە–شۆڕش، پشتیوانی ئازادیخوازان و ڕەوت و بزووتنەوە دژە–سەروەرکان لە ئاستی جیهانیی و لە هەموو هەرێمەکانی جیهان بۆ چەوساوانی ڕاپەڕیو لە ئێران، دەتوانێت بەهێزکەری هاوسەنگیی هێز بۆ بەرەی شۆڕش و هەر ئاوا کاراترین وەڵامدانەوە و بەرەنگاریکردنی شۆڕشگەرانە بێت دژی هەوڵەکانی دەوڵەت و سەرمایەداران، کە هەر ئێستا خەریکی ئامادەکردنی سیناریۆی خۆیانن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵی ئێرانی پاش ڕووخانی حکومەتی ئێستا.

نا بۆ دەوڵەت و حکومەت، نا بۆ چەک و میلیشیا، نا بۆ حزبایەتی، نا بۆ ناسیونالیزم، نا بۆ سەلەفیزم

بەڵێ بۆ هاوپشتی جیهانیی، بەڵێ بۆ ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتیی، بەڵێ بۆ خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی خۆجێی هەموو هەرێمەکانی ئێران، بەڵێ بۆ فێدرالیزمی نادەوڵتیی

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی–زمان

١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢

https://linktr.ee/anarkistan

Kurdish (sorani) : نە شا و نە ڕابەری، بڕوخێت سیستەمی سەروەری

Kurdish (kurmandji) : Ne şa û ne řaberî, biřuxêt sîstemî serwerî

Farsi : نه بە شاه و نه بە رهبری، فروپاشی نظام سروری

En français / in French : Ni roi ni leader, à bas le système autoritaire

In english : Neither the king nor the leadership, down with the authoritarian system

En español : Ni rey ni liderazgo. Abajo el sistema autoritario